کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی بەشکۆ لە "بریزبێن" بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا

09:03 - 27 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە شاری "بریزبێن" خۆپیشاندانێکی بەشکۆ بەبۆنەی ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو.

كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران و کانوونی ئێرانییەکانی شاری بریزبێن بە بەشداریی سەدان کەسی ئێرانی و ئوسترالیایی لەنێو شاری بریزبێن کۆ بوونەوە.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا لەلایەن میوانە ئوسترالییەکان، سێناتۆر پۆل سکار لە حیزبی لیبرال - ناشناڵی ئوسترالیا، ئەیمی مەکماهن، نوینەری پارلمانی ئەیالەتی کوئینزلەند و جەس پۆیج، نوێنەری پارلمانی ئەیالەتی کوئینزلەند، وتاری بە پێز و بەهێز بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و بە دژی کۆماری ئیسلامی خوێندرایەوە و قەتڵی ژینا ئەمینییان جارێکی دیکە مەحکووم کردەوە.

ناوبراوان لە پەیامەکانیاندا داوایان لە حکوومەتی ئوسترالیا کرد کە هەڵوێستی توندتر لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بگرن و گەمارۆی زیاتری بخنە سەر، هەروەها سپای پاسداران بخەنە نێو لیستی تێرۆریستییەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن سەلاح  پوورئەسەد پێشکەش کرا.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە گوشارە تازەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدەکان، بە کورتی باسێکی لەسەر سەرهەڵدانی ژینا کرد کە لە کوردستان سەری هەڵدا و هەموو شوێنێکی ئێرانی گرتەوە و یەکدەنگیی گشتیی دژی کۆماری ئیسلامی دروست کرا.

بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە ڕێپێوانێکی گەورە بوو کە لەنێو شاری بریزبێندا بەڕێوە چوو و چەندین دروشم بە زمانی ئینگلیزی بە دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا وترایەوە.