لە پاریس بەبۆنەی سی و یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنووس ڕێوڕەسمێک لە گۆڕستانی پێرلاشێز بەڕێوە چوو.
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بلژیک، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، بە مەبەستی ڕیسواکردنی کارەساتی تێرۆری میکۆنووس بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەیمان نوێ کردنەوە و ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی میکۆنووس، شەهیدان "دوکتور سادق شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایوون ئەردەڵان و کاک نووری دێهکوردی"، ڕێوڕەسمێکی لە گۆڕستانی پێرلاشێز بەڕێوە برد.
لە ڕێوڕەسمی ٣١ەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی میکۆنووسدا، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران، کەسایەتی و نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانی و فەرەنسییەکان، لەلایەک ڕێز لە خەبات و یادی ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیرا و لەلایەکی دیکەشەوە پەیمان لەگەڵ شەهیدان نوێ کرایەوە کە ڕێگای ئەو شەهیدانە تا گەیشتن بە ئامانجاکانیان درێژەی هەیە.
ئەم ڕێوڕەسمە بە پێشکەشکاریی "کانی جەهانگیری"، ئەندامی حیزب بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد و پاش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدان، درێژە بە ڕێوڕەسمەکە درا.
پاشان لەلایەن کاک "حەسەن شەرەفی"، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وتارێک سەبارەت بەم بۆنەیە و هەروەها یەکەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا بە زمانی کوردی و فارسی پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا دوکتور "کامران کەکەن" وەک هاوڕێ و وەکیلی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی شەهیدی، بە زمانی کوردی و فەرانسەوی باسی لە پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەی جەماوەریی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بەها ئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بلژیک، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم هاوڕێیان کرد.
هەروەها لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا تێکڕای بەشداربووان سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڤییەن، دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و کاک "عەبدوڵڵا قادری ئازەر"یان کرد و تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان لەسەر گڵکۆکانیان دانا.