کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان؛ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک لە کۆڵن بۆ ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ژینا

10:37 - 27 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، بە ئامادەبوونی ئەندامان و لایەنگرانی چەند لایەنێکی کوردستانی و ئێرانی و کوردانی تاراوگە بە یاوەریی ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی شاری کۆڵن، ڕێوڕەسمێکی شکۆمەند لە یادی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا لە شاری کۆڵن بەڕێوە چوو. 

لەم ڕێوڕەسمەدا، جگە لە حیزبی دێموکرات، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان، حیزبی گەلی بەلووچستان، پارتی چەپی ئێران و چەند گرووپێکی دیکە بەشدار بوون.

ئامادەبووان وێڕای ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی شۆڕش و ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی خۆیان بۆ خەڵکی ئێران، جەختیان لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان تا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کردەوە.

ڕێوڕەسمەکە لە دوو بەشدا بەڕێوە چوو. لە بەشی یەکەمدا کە لە ناوەندی شاری کۆڵن بەڕێوە چوو، پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان بۆ نیشاندانی فرەچەشنیی زمانی و نەتەوەیی ئێران، پەیامێک بە زمانەکانی کوردی، بەلووچی، تورکی و عەرەبی لەلایەن کەسانی سەر بە نەتەوە جیاجیاکانی چوارچێوەی ئێران خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی  حیزبی سوسیال دێموكراتی ئاڵمان لەلایەن خاتوو كارڵۆنا كیرش، پارلمانتار، پەیامی حیزبی سوسیال مەسیحیی ئاڵمان لەلایەن بیرند پیتڵ كاو و پەیامی حیزبی چەپی ئاڵمان لەلایەن خاتوو گوولدانێ تۆكیورێك و وتارێكی گرینگ لەلایەن ڕۆژنامەوانی بەناوبانگی ئاڵمانی  گونتا واڵراڤ كە تا ئێستا چەندین وتاری لەسەر شۆڕشی ژینا نووسیوە، پێشكەش بە بەشداربووان کران.

پاشان پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لە ئاڵمان لەلایەین لەعلا كێخوسرەوی خۆیندەرایەوە. هەروەها پەیامی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران  لەلایەن شیوا ڕاد پێشكەش كرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا چەندین سروودی شۆڕشگێڕانە لەلایەن هونەرمەندانەوە وترانەوە.

لە بەشی دووهەمی بەرنامەکەدا، بەشداربووان لە شەقامەکانی دەوروبەری ناوەندی کۆبوونەوەکەدا ڕێپێوانیان کرد و دروشمی جۆراوجۆریان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و دژ بە کۆماری ئیسلامی وتەوە.