کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا

11:24 - 27 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خۆپیشاندانێکی بەرین بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی نۆروێژ لە ئۆسلۆ بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارییان کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا کاوە عەبداڵی، بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات وتارێکی سەبارەت بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ٣١ ساڵەی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین و مانگرتنی گشتیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەپیر بانگەوازی ٦ حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی ئێرانەوە هاتن، پێشکەش کرد. 

دواتر بەیاننامەی خۆپیشاندەران بە زمانەکانی فارسی، نۆروێژی و کوردی خوێندرایەوە.

لە نێوئاخنی خۆپیشاندانەکەدا، دروشمی جۆراجۆر بۆ پشتیوانی و بەردەوامیی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئاخوندیی ئێران وترایەوە، هەروەها چەند سروودی شۆڕشگێڕی پێشکەش کران.