کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان؛ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا

09:50 - 28 خەرمانان 2723

لە یه‌که‌مین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، خۆپیشاندانێک لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان، وێڕای چەند لایەنی ئێرانی، بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان خاتوو مەقسوودی لەلایەن حیزبی FPDیەوە پەیامێکی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و خاتوو "شیشتیک" پەیامی حیزبی سەوزی ئاڵمانی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

دواتر خاتوو فەرزانە ڕەزەوی پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی ژنان و لاوانی دێموکراتی بە زمانی فارسی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هەروەها خاتوو کوردستان سەرکەبوود، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد. لەو پەیامەدا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و دەستکەوت و لێکەوتەکانی خرابووە بەر باس و هەوڵە تێرۆریستی و دژە مرۆڤی و دژە ژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و لە باقیی وڵاتانی دوور و نزیک، وێڕای شیکردنەوە، بە توندی مەحکووم کران.

لە درێژەی ئەو پەیامەدا ئاماژە بە کاولکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و هێرشی دڕۆنی و مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان کرا و ئیرادەی بەرگری و خەباتی پێشمەرگە چاونەترسەکانی کوردستان لە خاک و گەل بەرز نرخێندرا و لەگەڵ شەهیدانی میکۆنووس و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی گەلەکەمان پەیمان نوێ کرایەوە.

پاشان شەهریار نەقشبەندی بە زمانی فارسی وتارێکی پێشکەش کرد کە سەرنجی ئامادەبووانی بۆ خۆی ڕاکێشا.

دواتر محەممەد تاهوو پەخشانێک و چەند سروودی نیشتمانیی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە ڕۆحێکی حیماسیی بە خۆپیشاندانەکە بەخشی.

شایانی باسە کە بە درێژایی خۆپیشاندانەکە چەندین دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی وترانەوە و لە کۆتاییدا بە بڵاوکردنەوەی چەند سروودی کوردی و فارسی خۆپیشاندانەکە کۆتایی پێ هات.