کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج پارلمانتاری سویسی پشتیوانیی خۆیان لە داوا ڕەواکانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی

10:19 - 29 خەرمانان 2723

لە ئاکامی هەوڵەکانی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، پێنج ئەندام پارلمانی سویسی، پشتیوانیی خۆیان لە داوا ڕەواکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی دەربڕی و هەرکام لەو بەڕێزانە بەجیا لەگەڵ بەرپرسانی حیزبیش لە سویس چەندین باسی گرینگیان خستە بەر باس. 

 ئەو پێنج ئەندام پارلمانەی کە لەسەر داوای کۆمیتەی حیزب لە سویس، بەشدارییان لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی شاری بازڵ کرد، بریتی بوون لە: '' فابیان مۆلینا، مستەفا ئاتیچی، لە حیزبی سوسیال دێموکرات، سیبەل ئارسلان و کریستینێ بادێر شێر، لە حیزبی سەوزی سویس، کریست کاتیا، لە حیزبی سەوز لیبراڵ.''

ناوبراوان لەو گردبوونەوەیەدا کە بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکانی ئێران و لە ساڵوەگەڕی شۆرشی ژینا ڕێک خرابوو، قسەیان کرد.

فابیان مۆلینا پارلمانتاری حیزبی سوسیال دێموکرات و هەروەها ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی پارلمانی سویس، لە وتەکەیدا، ڕێژیمی ئێرانی بە کۆنەپەرست و پێشێلکەری مافی مرۆڤ و بە تایبەت ژنان و نەتەوەکانی ئێران ناو برد و هیوای خواست کە خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمە تا گەیشتن بە دێموکراسی و ئازادیی واقعی لە ئێراندا، ڕانەوەستێت.

کرست کاتیا، ئەندام پارلمانی حیزبی سەوز لیبرال، باسی لە ئاوات و خولیاکانی ژینای کورد کرد کە چۆن بە مەرگی خۆی پایەکانی ڕێژیمی ئێرانی خستە لەرزە و بووە هۆی هەستانەوەیەکی سەردەمیانە و ئەمڕۆیی.

هەروەها مستەفا ئاتیچی، پارلمانتاری سەر بە حیزبی سوسیال دێموکراتی سویسیش بە ناوی ''ژن ژیان ئازادی'' دەستی بە قسەکانی کرد و داوای یەکگرتویی خەڵکانی ئێران و بەتایبەت لایەنە کوردیەکانی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە کۆتاییدا بەرپرسانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس، سپاسی پارلمانتارەکانی کرد بۆ پشتیوانی و بەدەنگ وەهاتنی خەڵکانی زوڵملێکراوی ئێران و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان.