کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دوو برای خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

10:23 - 29 خەرمانان 2723

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر دوو برا بە ناوەکانی "خەبات و ڕامیار دێهدار" و دەسبەسەریان کردوون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەبات و ڕامیار دێهدار، دوو برای خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کراون و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم جیا لەوەیکە ئەو دوو برایەیان دەسبەسەر کردووە، هاوکات دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتووە.

شایانی باسە کە "خەبات" ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووش لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"‌دا دەسبەسەر کرابوو و پاش زیاتر لە یەک حەوتوو لە بەنددیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە سنە ئازاد کرابوو.