کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە پانێلی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە پارلمانی بریتانیا

10:27 - 29 خەرمانان 2723

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەرمانان، هەیئەتێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە پانێلێکی تایبەت بە ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە پارلمانی بریتانیا بەشدار بوون.

ئەم کۆبوونەوەیە بە بەشداریی بەرچاوی ئەندام پارلمانەکانی بریتانیا کە بریتی بوون لە "سارا ئوڵنی، ئالیسیا کێرنس، وەین دەیڤید وەزیری سێبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، جاوید ڕەحمان ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ساشا دەشموخ نوێنەری ئەمنستی ئینترنەشناڵ، ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب و فارس" پێک هاتبوو.

لەم کۆبوونەوەیەدا لەسەر گوشار زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها هەنگاوی تازە بۆ ناساندنی هەرچی زیاتری سپای پاسداران وەکوو سەرەکیترین ڕێکخراوی تێرۆریستیی ناوچەکە، جەخت کرایەوە.

لە پەراوێزی ئەم پانێلەدا، "مەولوود سوارە و کەماڵ مەحیەدینی" کە بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە ئامادەبووان تاوتوێی بارودۆخی کوردستان لە شۆڕشی ژینایان کرد، هەروەها بروشورێک کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کرابوو درایە دەستی ئامادەبووان.

بەشێکی دیکەی باسەکان لەلایەن نوێنەرایەتی حیزبەوە، هێنانەگۆڕی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزب لە باشووری کوردستان بوون کە پێویستە هەموو ڕێکخراو و حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەم هەڕەشانە مەحکووم بکەن و هەنگاوی جیددی بگرنەبەر.