کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ٩ هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا

10:23 - 30 خەرمانان 2723

لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە، ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە، ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی "ڕەسووڵ سوڵتانیان، ئارمان سوڵتانیان، عەبدوڵڵا عەبدولمەلکی، مەهدی فەیزی، ئارمان کووهی، ئومێد خوسرەوی" و دوو مێرمنداڵی تەمەن ١۵ ساڵ بە ناوەکانی "تەها وەرمەقانی و مەتین قەنبەری" و هاووڵاتییەکی تورکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی "محەممەد شێخ‌جەعفەری"، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەسبەسەر کراون.
لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەرمانان، ئارمان  و ڕەسووڵ سوڵتانیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری قوروە دەسبەسەر کراون. ئارمان ، کاسبکارێکی شاری قوروەیە و ساڵی ڕابردووش جارێک دیکە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بۆ ماوەیەک دەسبەسەر کرابوو.
هەروەها ڕۆژی شەممە ٢۵ی خەرمانان، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١۵ ساڵی خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی مەتین قەنبەری و تەها وەرمەقانی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەو شارە دەسبەسەر کران.
لەلایەکی دیکەوە، هەمان ڕۆژ و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی ژینا، عەبدوڵڵا عەبدولمەلکی، مامۆستای خانەنیشنکراو (مامۆستای قوتابخانە) و مەهدی فەیزی لەلایەن کۆمەڵێک لە هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران.
لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکاندا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە، مێهران کووهی، خوێندکاری قۆناغی ماستەری ئەندازیاریی نەرمەئامێری کۆمپیوتەر لە زانکۆی کوردستانی سنە و ئومێد خوسرەوی، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی، لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری قوروە دەسبەسەر کراون.
تاکوو کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها شوێن و دۆخی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.