کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە، لانیکەم ١١٠ قوتابی و ٤٣ مامۆستای قوتابخانه لە ئێراندا دەسبەسەر کراون

10:49 - 1 رەزبەر 2723

"هەنگاو" ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر "سەرکوتی مامۆستایان و قوتابییان و سەپێندرانی سزای نامرۆڤانەی قامچی و بەندکردن بەسەر مامۆستا و قوتابییان لە سەرتاسەری ئێران"، بڵاو کردەوە.

ڕۆژی هەینی ٣١ی خەرمانان، "هەنگاو" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە، واتە کەمتر لە ٩ مانگ، لانیکەم ١١٠ منداڵ و قوتابی و ٤٣ مامۆستای قوتابخانه لە سەرتاسەری ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و ١٧ مامۆستا و ٥ قوتابیش سزای بەندکردن و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

لە کۆی ئەو ١١٠ منداڵ و مێرمنداڵە دەسبەسەرکراوانەدا، ٤٧ کەسیان کورد و ٤٧ کەسیان بەلووچ بوون کە دەکاتە زیاتر لە ٨٥ لەسەدی دەسبەسەرکراوەکان لە ئێراندا.

لەنێو دەسبەسەرکراواندا ١٦ کەسیان کچ و ٩٤ کەسی دیکەیان کوڕ بوون کە هەموویان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە و وەک منداڵ دێنە ئەژمار. هەروەها ١٢ کەس لەم منداڵانە ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانن کە ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لە ڕەوتی سۆڕشی ژینادا لەدەست داوە.

بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە لانیکەم ٤٧ مامۆستا لە شارەکانی ئێراندا دەسبەسەر کراون کە لەو ژمارەیە ٢٦ کەسیان کورد بوون و لە شارەکانی کوردستاندا مامۆستا بوون و لە کۆی ٤٧ مامۆستای دەسبەسەرکراو، ٦ کەسیان ژن و ٤١ کەسیان پیاو بوون.

هەروەها لە ماوەی ئەم ٩ مانگەدا لانیکەم ٥ منداڵ و مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیم ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٩ ساڵ و ٥ مانگ بەندکران و ١٤٨ زەربە قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. ئەم پێنج منداڵە خەڵکی شارەکانی کوردستانن.

لەلایەکی ترەوە لەم ماوەیەدا لانیکەم ١٧ مامۆستا لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سەرجەم سزای ٦١ ساڵ و ١١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران و هەروەها دوو کەسیان سەرەڕای سزای بەندکردن، سەرجەم ١٤٠ زەربە قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.