لە یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی موحسین قەیسەری، لە شەهیدانی ڕاپەڕین لە ئیلام، برایەکی بە ناوی محەممەدحوسێن قەیسەری و سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی هۆدا سادقی، مەحموود سادقی کە کچ و باوکن و عەلی شێرخانی، دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی موحسین قەیسەری لە شەهیدانی ڕاپەڕین لە ئیلام، لەسەر مەزاری ناوبراو، محەممەدحوسێن قەیسەری تەمەن ٤٠ ساڵ و برای موحسین قەیسەری، هۆدا سادقی تەمەن ٣٥ ساڵ و باوکی بە ناوی مەحموود سادقی و هەروەها عەلی شێرخانی تەمەن ٢٠ ساڵ، بە توندوتیژییەوە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
محەممەدحوسێن قەیسەری پاش چەند کاتژمێر، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا. هۆدا سادقی و مەحموود سادقی و عەلی شێرخانی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام کران.
دۆخی جەستەیی عەلی شێرخانی بەهۆی لێدان بە باتوم لەلایەن هێزە ئەمنییەتی- سەرکوتکەرەکانەوە لە کاتی دەسبەسەرکراندا، ناجێگیرە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلامدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پزیشک بێبەرییە.
ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی موحسین قەیسەری، لەسەر گڵکۆی ناوبراو لە گۆڕستانی "بەهەشت ڕەزا"ی ئیلام و مزگەوتی "نەبی هانیوان" بە بەشداریی خەڵک بەڕێوە چوو، بەڵام هێزە ئەمنییەتی- سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردە سەر خەڵک و ٤ کەسیان دەسبەسەر کرد و ئەوانی دیکەشیان دانە بەر لێدان.