کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگری: لە مانگی خەرماناندا، ١٧٤ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەسبەسەر کراون

11:11 - 2 رەزبەر 2723

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ئاماری چالاکانی سیاسی و مەدەنیی دەسبەسەرکراو و حوکمدراوی لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ١٧٤ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها ١٤ کەس لەو دەسبەسەرکراوانە ژنن و چەندین کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە.

جێگای ئاماژەیە کە لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ پرەنسیپێکی مافی مرۆیی، بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و چالاکانی دیاری کۆمەڵگەی مەدەنیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کردووە و دەسبەسەر کردوون، هەر بەو مەبەستەش دەستی بە ڕەشبگیریی هاوڵاتییان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە هەر وەک دەبینین ئاماری دەسبەسەرکراوان بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی پێشوو زۆر زیادی کردووە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن، لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاویدا، ٢١ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای بەناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و پێبژاردن و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزادراوانە لەسەریەک بە ١٤٨ ساڵ و ٨ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ١٨٨ قامچی  و زیاتر لە ١٥ میلیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون. شایانی باسە کە ٣ کەس لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە ژنن. جێگای ئاماژەیە کە یووسف ئەحمەدی پاش ٤ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە بە تۆمەتی چالاکیی چەکداری سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.