کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێکی تەشکیلاتی نێوخۆیی بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆرویژ بەڕێوە چوو

11:31 - 2 رەزبەر 2723

ڕۆژی هەینی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، وێبینارێکی تەشکیلاتی نێوخۆیی بۆ کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات، پێک هێنا.

لە دەستپێکی وێبینارەکەدا، کاک عومەر لێکدانەویەکی گشتیی لە سەرەتای دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە تا ئێستا بۆ بەشداران باس کرد و دواتر ئاماژەی بە ئەرک و مافی ئەندامان لە ڕیزەکانی تەشکیلاتیدا شی کردەوە و لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە دەور و کاریگەریی تەشکیلات کرد، بە تایبەتی لەو هەلومەرجەی ئێستادا.

کاک عومەر باڵەکی لە قسەکانیدا وتی: لە شۆڕشی ژینادا حیزبی دێموکرات زۆر بەرپرسانە هەڵسوکەوتی کرد و سیاسەتی حەکیمانەی ڕێبەریی حیزبەکەمان هۆکارێک بوو کە خەڵکی نێوخۆ بە دەنگ حیزبەکەمانەوە بێن و لە هەموو شارەکانی کوردستان خەڵک بە دروشمی بژی حیزبی دێموکرات بەرەنگاری هێزە داگیرکەرەکان دەبوونەوە. هەر ئەوانەش هۆکارێکن کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ بدات بە مووشک و دڕۆن و تەنانەت بە گوشارهێنان بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە خەیاڵی خۆیان ئەو پێوەندییەی نێوان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بپچڕن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا گرینگیی ڕاگەیاندن و کاریگەریی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لەسەر ڕەوتەکان بۆ هاوڕێیانی حیزبی شی کردەوە و باسی لەوە کرد کە دوژمن بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناردروست، وێڕای نیگەرانکردنی خەڵک، کێشە لەنێو هێزە کوردییەکاندا بنێتەوە، بۆیە ئەندامان دەبێ زۆر وریا بن کە نەکەونە داوی پڕوپاگەندەکانی ڕێژیمەوە.