کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی قوروە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

09:36 - 3 رەزبەر 2723

نێرگز سولەیمانی و فریشتە فەدایی‌فەر، خەڵکی قوروە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕایگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێکە، نێرگز سولەیمانی و فریشتە فەدایی‌فەر، خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون؛ هەروەها نێرگز سولەیمانی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا بووە.

هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، لە یەکێک لە شەقامەکانی قوروە، بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر فریشتە فەدایی‌فەر و دەسبەسەریان کردووە، هەروەها نێرگز سولەیمانی، کە ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەگەڵ کچەکەی بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ ماوەیەکیش لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە قوروە و سنە مابوونەوە، لەو ماوەیەدا جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوەتەوە.

شایانی باسە کە هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ بارودۆخی ئەو دوو هاووڵاتییە، هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.