کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی "جەوهەر فکری" بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، بریندار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز"، ڕۆژی شەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی "جەوهەر فکری"، تەمەن ٣٠ ساڵ، بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزیی ڕێژیم، لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی شاری بانە، بەتوندی بریندار کرا.
ئەم کۆڵبەرە، فیشەک وەبەر پشتی کەوتووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.
بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، لە ماوەی وەرزی هاوینی ١٤٠٢دا، ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری تریش بریندار کراون.