لە دوازدە ڕۆژی ڕابردوو و لە بەرەبەری ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، لە ماوەی ڕۆژانی ١٤ تاکوو ٢٥ خەرمانانی ئەمساڵ، سێ ژن بە ناوەکانی "هێرۆ قەدیمی، سەمیرە ئەحمەدی و سەعادەت بداغی" و هەروەها "سەفا عائلی، شێرکۆ حیجازی، تاهیر سوڵتانی، ئومێد موقەدەس، هیوا تاتایی، ئازاد ئەمینی، عەزیز مەرزی، ئەمین مینایی، ئەمجەد ئەمینی، فەرزاد ڕەحمەتی، مەحموود غەفوورینژاد، مێهران ساعدی، سیروان حەسەنی و لوقمان بیداری"، لە شاری سەقز دەسبەسەر کراون.
لەنێو ئەو دەسبەسەرکراوانەدا "سەمیرە ئەحمەدی، هێرۆ قەدیمی، لوقمان بیداری، ئازاد ئەمینی، هیوا تاتایی، ئومێد موقەدەس، تاهیر سوڵتانی، شێرکۆ حیجازی، سەفا عائلی، مێهران ساعدی، مەحموود غەفوورینژاد و ئەمین مینایی هێشتا لە گرتنگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندان و پێنج هاووڵاتیی دیکەش ئازاد کراون.
هەروەها هێرۆ قەدیمی و سەمیرە ئەحمەدی هەردووکیان بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ژنانی سنە و ئازاد ئەمینی بۆ گرتنگەی ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارە گواستراونەتەوە.
ئەو هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیاندا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان دراوە و دۆخێکی ترسێنەریان بەسەر ئەو هاووڵاتییانە و بنەماڵەکانیاندا زاڵ کردووە.
هەروەها ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لە ڕەتکردنەوەی بارمتەی بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە و درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکردنیان.