کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی سوسیال- دێموکراتی ئوتریش

09:51 - 4 رەزبەر 2723

ڕۆژی هەینی ٣١ی خەرمانان، بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش سەردانی بارەگای حیزبی سوسیال- دێموکراتی ئوتریشی لە شاری ڤییەن کرد و لەلایەن خاتوو مارینا هانکە بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی ئەو حیزبەوە لە ئەنجومەنی شۆرای بەڕێوەبەریی شاری ڤییەن لەسەر لیستی ئەو حیزبە پێشوازیی لێ کرا.

لەم چاوپێکەوتنەدا محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوتریش، مێژوویەکی کورتی لەسەر حیزبی دێموکرات بۆ مارینا هانکە باس کرد و پاشان باسێکی لەسەر پێکهاتەی ئێران و فرەنەتەوەیی و فرە چەشنی و فرە کولتووریی ئەو وڵاتە بۆ خانەخوێ کرد.

محەممەد فەقێ عەلی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڕەشە و گوڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە بیانووی بوونی هێزە سیاسییەکانی کورد لەم ناوچانە بەردەوامە و بۆردومانەکانی بە بیانوی جۆراوجۆر، بەداخەوە شەهید و بریندارێکی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ هەروەها ڕیژیمی ئێران ماشینی تێرۆری خۆی لە هەرێمی کوردستان وەگەڕ خستووە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەند کەسی لە تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی تێرۆر کردووە.

نوێنەری حیزب لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە کوردستان لە شۆڕشی ژینادا پێشڕەوە و زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش شەهید و بریندار و گیراوی هەیە و هێزێکی زۆری نیزامی لەم ناوچانە جێگیر کراوە، هەروەها لەسەر سنوورەکانیش کاسبکارانی کورد بەردەوام دەدرێنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ و دەبنە قوربانیی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق.

لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا، محەممەد فەقێ عەلی داوای لە مارینا هانکە کرد کە پێداچوونەوەیەک بەو هەموو کارخانەجات و ناوەندانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بکەن کە بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی دواییدا لە وڵاتی ئوتریش دامەزراون و ناونوسی کراون، چونکە بۆ مەبەستی سپیکردنەوەی پارە و و پەیداکردنی کەلوپەلی تەکنیکی بۆ کاری نیزامی لە ئێران کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.

لە کۆتاییدا خاتوو مارینا هانکە خۆشحاڵیی خۆی لەو سەردانە دەربڕی و بە سەردانێکی پڕدەستکەوت و زانیاری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شاری ڤییەن ناو لێ برد و وتی: ''بەدڵنیاییەوە ئەو خاڵانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی شاری ڤییەن باس دەکەم.''