کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک لەژێر ناوی ''ژینا'' لە پارلمانی سوید بەڕێوە چوو

10:59 - 5 رەزبەر 2723

ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، سیمینارێک لەژێر ناوی ''ژینا" بە دەستپێشخەریی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید و حیزبی سوسیال- دێموکراتی سوید لە یەکێک لە هۆڵەکانی پارلمانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

سیمینارەکە بە لێدوانێکی کورت لەلایەن حەمید تەیمووری، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمیتەی حیزب دەستی پێ کرد. ناوبراو لە وتەکانیدا باسی لە هۆکاری پێکهێنانی ئەو سیمینارەی کرد و سپاسی نوێنەرانی حیزبی سوسیال- دێموکراتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو هەلە.

پاشان ئولا مۆلەر، نوێنەری پارلمان لەسەر لیستی حیزبی سوسیال- دێموکرات و سەرۆکی ڕایەڵەی سویدی- کوردی وەک بەڕێوەبەری سیمینارەکە، خۆی و بەشدارانی پانێلەکان واتە ئالێکساندرا ڤۆلکەر، ئەندامی پارلمان سەر بە لیستی سوسیال- دێموکراتەکان و هەروەها ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی پارلمان، گوڵاڵە شەرەفکەندی، کوردۆ باکسی و کەماڵ حەسەن پووری بە بەشدارانی سیمینارەکە ناساند.

دوای ئەو ناساندنە ناوبراو خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ژینا و سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی ژینای ڕاگەیاند.

لەو سیمینارەدا گوڵاڵە شەرەفکەندی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە تێرۆری میکۆنووس، هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، پاشان باسی چۆنیەتیی گیران و کوشتنی ژینا، بێ هەڵوێستیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئاڵتێرناتیو بۆ کۆماری ئیسلامی کرد.

پاشان کوردۆ باکسی، لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو، باسی ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە شۆڕشی ژینا و هەروەها چەند جووڵانەوەی ئەو ساڵانەی دوایی لە بێلاڕووس تا سوودانی کرد کە ژنان پێشڕەو بوون. هەروەها باسی لە دانوستانەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئێران و ئەمریکا و پێشێلکردنی مافی گەلی کورد کرد.

دواتر کەماڵ حەسەنپوور، لە قسەکانیدا باسیکی لەسەر مێژووی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکانی ئێران لە ساڵی ٧٨ی هەتاوی تا ساڵی ڕابردوو و سەرکوتکاری و چاوترسێنکردنی خەڵک و مێژووی ٤٤ ساڵەی بارمتەگرتنەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها باسی لە مەترسیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەیی و هەڵەکانیان بۆ لاوازکردن و گوشارهێنان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد.

پاشان ئالێکساندرا باسێکی لە هەوڵەکان بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران کرد.

بەشی کۆتایی سیمینارەکە پرسیاری بەشدارانی ئەو سیمینارە بوو کە هەوڵ درا لەلایەن ئەندامانی پانێلەوە وڵام بدرێنەوە.