کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ٨ هاووڵاتیی کورد

10:06 - 6 رەزبەر 2723

چارەنووسی ٨ هاووڵاتیی کورد پاش ٥ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، هێشتا ناڕوونە.
سەبارەت بە چارەنووسی ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "ئەحمەد مامزادە، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بابامیری، جەلیل مەولوودی و جەوانمەرد مام خوسرەوی"، پاش ٥ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ئەم ٨ هاووڵاتییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون. هەروەها ئەم ٨ کەسە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێدا، کەوتوونەتە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەحمەد مامزادە، نەخۆشیی شەکرە و زەختی خوێنی هەیە و لە گرتنگەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ورمێ کراوە و دواتر بۆ گرتنگە گەڕێندراوەتەوە.
هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی وڵامی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەم ٨ هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکانی بەدواوە بووە.
ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، ئەحمەد مامزادە، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزرابوون.
ڕزگار بابامیری و جەلیل مەولوودیش، ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، جەوانمەرد مام خوسرەوی بەبێ بەڵگەی یاسایی لە بانە، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.