کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان، سەقز و کامێران لەلایەن ڕێژیمەوە

10:08 - 6 رەزبەر 2723

تاهیر ئەمانی خەڵکی بۆکان، شاهۆ عەزیزی خەڵکی سەقز و پێدرام فەیزی خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، تاهیر ئەمانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە کاسبکارانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، شاهۆ عەزیزی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و کرێکاری نانەواخانە و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە نابێ بە هیچ شێوەیەکی هەواڵی دەسبەسەرکردنی کوڕەکەیان میدیایی بکەن.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێدرام فەیزی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی "کەڵاتێ"ی سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.