کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سنوورەکانی کوردستان، کۆڵبەرێک کوژراو و کۆڵبەرێکیش بریندار بوو

11:33 - 8 رەزبەر 2723

لە سنوورەکانی کوردستان، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد خالیدی" کوژرا و کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەرسەلان سەفیاری"، بەهۆی تەقینەوەی مین، بەتوندی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی هەینی ٧ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد خالیدی"، تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕێ ئێقباڵ و شلێر، خەڵکی گوندی "چیچۆران"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە سنووری "هەنگەژاڵ"، کوژرا.
هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە و لەم ڕووداوەدا دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش کراونەتە ئامانج. شوناسی یەکێک لە هاووڵاتییەکانی هەرێمی کوردستان کە بریندار بووە، "سیروان وەلی" ڕاگەیەندراوە.
تەرمی "محەممەد خالیدی"،ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە کراوە.
لەلایەکی ترەوە، شەوی هەینی ٧ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەرسەلان سەفیاری"، کوڕی عەبدوڵلا، خەڵکی گوندی "گەزگەسک"، سەر بە شاری پیرانشار، بەهۆی تەقینەوەی مین بەتوندی بریندار بوو.
ئەم کۆڵبەرە لە سنووری نێوان پیرانشار و هەرێمی کوردستان بەسەر میندا کەوتووە و بەهۆی تەقینەوەی مینەکە بریندار بووە و پاش ئەم ڕووداوە، بە ئامبوڵانس ڕەوانەی نەخۆشخانەی "چۆمان" لە هەرێمی کوردستان کراوە.