کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی گوماناوی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد دوای چەند مانگێک لە ئازادکردنیان

10:31 - 14 خەرمانان 2723

دوو زیندانیی سیاسیی کورد دوای چەند مانگێک لە دەسبەسەرکردنیان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانان، حەسەن جوجە گەڵوانی، زیندانیی سیاسی پێشووی خەڵکی پیرانشار، دوای چەند مانگێک لە ئازادکردنی، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لە پشکنینی تەرمەکەی کرد.

دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێگرییان لە گواستنەوەی تەرمی حەسەن جوجە گەڵوانی بۆ پزیشکی دادوەری کرد و بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەیان ناچار کرد دەستبەجێ تەرمی ناوبراو بە خاک بسپێرن.

شایانی باسە کە دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە "وەستانی دڵ" ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا ناوبراو هیچ پێشینەیەکی نەخۆشیی دڵی نەبووە.

"حەسەن جوجەگەڵوانی ئەندامێکی خۆجێیی سپای پاسداران بوو، کە لە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانی ورمێ، دەسبەسەر و پاشان بە تۆمەتی"سیخوڕیکردن بۆ لایەنێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەردەبیل مەحکووم کرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە ١١ی خەرمانان، ئارمان سەنگی زیندانی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "گەنمان" سەر بە شاری "بانە"، دوای سێ مانگ لە ئازادکردنی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا .

هۆکاری گوماناویی گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە کوردە سەرەڕای نەبوونی هیچ پێشینەیەکی  نەخۆشی دڵ، بە "وەستانی دڵ" ڕاگەیەندراوە.

ئارمان سەنگی، بەهاری ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ زیندانی کەهریزەک ڕاگوێزرابوو و دوای تەواوکردنی حوکمەکەی ئازاد کرابوو.