کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی خەڵکی پیرانشار سزای ٧ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٥ قامچیی بەسەردا سەپا

11:17 - 15 خەرمانان 2723

تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٧ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٧٥ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو'' هاووڵاتییەک بە ناوی تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئۆجاقلوو"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم " و "هەوڵی تێکدانی ئەمنییەتی میللی"، سزای ٧ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

هاوکات ئەم هونەرمەندە ناسراوەی خەڵکی پیرانشار، سزای لێدانی ٧٥ قامچی و پێبژاردنی ١٠ ملیۆن تمەنی ئێرانی بەسەردا سەپاوە.

تەها ڕەسووڵیان، لە مانگی بانەمەڕی ١٥، لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی "تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە پیرانشار، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی، لە شاری پیرانشار و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرابووەوە و دواتر بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرابوو.