کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی سەندیکای مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە سەپاندنی حوکمی نادادپەروەرانە بەسەر مامۆستا "سولەیمان عەبدی"دا

11:49 - 15 خەرمانان 2723

سەندیکای مامۆستایانی کوردستان(سەقز و زیویە، دیواندەرە، مەریوان و سەوڵاوا، سنە و کەڵاتەرزان) سەبارەت بە حوکمی سەپێندراو بەسەر مامۆستا "سولەیمان عەبدی"دا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
دوێنێ سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی سەندیکای مامۆستایانی کوردستان(پارێزگای سنە) سەبارەت بە حوکمی سەپێندراو بەسەر مامۆستا "سولەیمان عەبدی"دا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی نامرۆڤانە و دەرەوەی یاسایی بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ مامۆستایان و مامۆستایانی زانکۆیان، بەتوندی مەحکووم کرد.
ئەو بەیاننامەیە بە ئاماژە بە یاسا سەقەتەکانی خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ: گرتن، بانگهێشتکردن، زیندانیکردن، دابەزاندنی پلە و بڕینی مووچە، دیپۆرتکردنەوە و دەرکردنی دەیان و تەنانەت سەدان مامۆستای دادپەروەر و بەڕێز لە ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا نموونەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە نایاساییانەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: پێویستە بەرپرسانی ڕێژیم بزانن کە هیچ سزایەک نەیتوانیوە بڵێسەی داواکاری و مافخوازیی مامۆستایان کەم بکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سولەیمان عەبدی لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز، حوکمی ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، لە کاتێکدا ناوبراو پێشتر لەسەر هەمان تۆمەت سزای ٨ مانگ زیندانی کێشابوو و ٧٤ قامچی لێ درابوو.