کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێکی نوێ سەبارەت بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پێشوو لە جوانڕۆ

11:36 - 16 خەرمانان 2723

ڕاپۆرتێکی تازەی دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی و ئێرانی باس لە سەرکوتی هۆڤانەی ناڕەزایەتییەکانی پاییز و زستانی ڕابردوو لە شاری جوانڕۆ و شەهیدبوونی ٨ کەس و یەک لەوان منداڵێک دەکات.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و لەژێر ناوی "جوانڕۆ؛ ئاگری شەڕی دەسەڵات لەسەر دەستی بەتاڵ و قەڵای توەڕەیی خەڵک" بڵاو کردەوە.

جوانڕۆ یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای کرماشانە کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە لە کاردانەوە بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لەژێر دەستی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمدا لە تاران گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی کەم‌وێنە بووە

ئەم دوو ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕایانگەیاندووە کە ڕاپۆرتە ١٠٠ لاپەڕەییەکەیان دەرئەنجامی پێداچوونەوەی "سەدان وێنە و گرتە ڤیدیۆییە، هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ ٣٨ شایەتحاڵ و بنەماڵەی ئەو کەسانەیە کە لە شاری جوانڕۆ شەهید و بریندار و دەسبەسەر کراون".

بە پێی دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتی ئەم دوو ڕێکخراوە، لە نێوان ١٦ی خەزەڵوەر تا ١٠ی بەفرانباری١٤٠١، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران "بە ئەنقەست" بە کەڵکوەرگرتن لە "چەکی سووک و نیوەقورس" خۆپیشاندەرانی شاری جەوانڕۆیان لە پارێزگای کرماشان کردووەتە ئامانج.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران زیادی کرد: جگە لە "زۆر کێشە و ئاستەنگ لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ برینداران"، "٨٩ کەس کە ٢٦یان منداڵ بوون دەسبەسەر کراون و بەشێکی زۆریان بە منداڵیشەوە، ئەشکەنجە دراون و لە هەندێک حاڵەتدا هەڕەشەی ئازاردانی سێکسییان لێ کراوە.