کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ کەس لە دسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە ئاودانان بانگی دادگا کران

10:31 - 11 خەرمانان 2723

٢٨ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ژینا لە شاری ئاودانان سەرەڕای داخرانی دۆسییەکانیان دوابەدوای لێبوردنی ڕێبەری، بانگی دادگا کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' ٢٨ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە ئاودانان، سەرەڕای ئەوەی کە دۆسییەکانیان بەپێی بەخشنامەی "لێبوردنی ڕێبەری" داخرابوون، بانگی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران ئیلام کران. ئەم بەخشامەیە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا و بۆ دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان دەر کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاندووە، ئەم ٢٨ کەسە، دەبێ ڕۆژی ١٩ی خەرمانان، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام ئامادە بن. بەڵگەی دادگاکەشیان کە لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن دادگوستەرییەوە دەرکرابوو، لە بانگهێشتانەمەکەدا هاتووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە نێوان بانگهێشتکراواندا، جگە لە دۆسییەی ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای خەڵکی ئاودانان، دۆسییەی باقی خۆپیشاندەران، بەپێی بەخشنامەی لێبوردن، داخرابوو.

ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای بەپێشینە و چالاکی سێنفیی خەڵکی ئاودانان، بە تۆمەتەکانی "بێڕێزی بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبردنی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات"، بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام کراوە.

پێشتر، لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە لادانەکانی پەروەردەی پارێزگای ئیلام، ئەحمەد عەلیزادەی بە خانەنشێنبوونی زۆرەملێ مەحکووم کردبوو.