کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران و ٦٥ ساڵ زیندان بۆ ٤ هاووڵاتیی خەڵکی بانە

10:28 - 18 خەرمانان 2723

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە کە نزیک چوار ساڵە دەسبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە یەکێکیان بە ناوی یووسف ئەحمەدی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و سێ بەندکراوەکەی دیکەش سەرجەم سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' پاش سێ ساڵ و چوار مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یووسف ئەحمەدی" خەڵکی بانە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانەش، بە ناوەکانی "محەممەد کەریمی'، "باست کەریمی" و "محەممەد فەیزی"، سەرجەم بە ٦٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

بەپێی حوکمی دەرکراو دژی ئەم چوار هاووڵاتییە، یووسف ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران، محەممەد کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٥ ساڵ زیندان، باست کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٠ ساڵ زیندان و محەممەد فەیزی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی"، بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

ئەم چوار هاووڵاتییە، سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٣٩٩، بە دەسپێکی شەپۆلی دەسبەسەکرانی هاووڵاتییان لە بانە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم چوار کەسەیان بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبوو.

ئەم چوار هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزران و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کران.

ئەم چوار هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دراون.