کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام پارلمانی ئوتریش

11:04 - 18 خەرمانان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەرمانان، محەممەد فەقێ‌عەلی بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش، لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە بارەگای حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش دیدارێکی لەگەڵ خاتوو پیترا بایەر، ئەندام پارلمان لە سەر لیستی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئوتریش و وتەبێژی ئەو حیزبە پێک هینا.

سەرەتا محەممەد فەقێ‌عەلی بە کورتی باسێکی لەسەر میژووی حیزب، هەوڵەکانی حیزب لەپێناو دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای ئێران، پێداگریی حیزب لەسەر سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران و پێکەوەژیانی هەموو نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران بە شێوەی ئاشتییانە و لەسەر ئەساسی مافی وەک یەک پێشکەش کرد.

ناوبرا لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە دەستپێک و لێدانی پریشکی شۆڕشی ژینا لە کوردستان بوو و بوێری و هێزی خەڵکی کوردستان وەک دینامۆی سەرەکی ئەم شۆڕشە بوو، بۆیە پێویستە کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی وڵاتان و بە تایبەت وڵاتی ئوتریش پاڵپشتی لە خەباتی خەڵکی کوردستان بکەن، دان بەوە دابنێن کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و پێویستە مافی ئینسانی نەتەوە جیاوازەکان لە ئێراندا بە ڕەسمی بناسێندرێت .

پاشان نوێنەری حیزب وێڕای ئاماژەدان بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن بۆ سەر ئۆردووگای پەنابەرانی کورد لە باشووری کوردستان و شەهید و بریندارکردنی دەیان کەس، بەشێکی دیکەی لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی خستە بەر چاوی نوینەرەکەی پارلمانی ئوتریش.

لە کۆتاییدا خاتوون پیترا بایەر خۆشحاڵیی خۆی لە چاوپێکەوتنەکە و ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامیی چاوپێکەوتنەکان و پێوەندیی بەردەوام لەگەڵ نوێنەرایەتیی حیزب دەربڕی .