کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان چالاکی مەدەنی و سێنفی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا خوازیاری ئازادیی سامان پاشایی بوون

10:56 - 19 خەرمانان 2723

زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی، خوێندکار، کەسایەتیی ئاکادێمیک، چالاکی مەدەنی و سیاسی، لە نامەیەکی سەرئاوەلادا بۆ دادستانی هێزی دادوەری، خوازیاری ئازادیی سامان پاشایی، خەڵکی سەقز و خاوەن میداڵی جیهانیی کوشتیی فەرەنگی بوون.

لەو نامەیەدا هاتووە: ئێمە، دوکتور سامان پاشایی، ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆ، قارەمانی پێشووی میللی و ڕاهێنەری وەرزشی لە نزیکەوە دەناسین و ئاگاداری کەسایەتی، کردەوە و ئاکاری ناوبراوین و بە دڵنیاییەوە شاهیدیی ئەوە دەدەین کە ناوبراو کەسایەتییەکی زانستی و کۆمەڵایەتیی دڵسۆز بۆ هەمووان بووە و بەردەوام کەڵکەڵەی خاک و خەڵکەکەی لەسەردا بووە.

لە درێژەی ئەم نامەیەدا هاتووە: سامان پاشایی سەرەڕای ئەوەی کە دەیتوانی لە وڵاتانی ئامریکایی و ئورووپاییدا بژیت، لە شار و وڵاتی خۆی ماوەتەوە و ژیانکردن لەگەڵ خەڵکی هاوزمانی خۆی بەلاوە گرینگتر بووە.

واژۆکەرانی ئەم نامەیە لە کۆتاییدا جەختیان کردەوە: بەدڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنین کە سامان پاشایی هاووڵاتییەکی دڵسۆز و باشە، مامۆستایەکی بەئەزموون و زانایە، چالاکێکی کۆمەڵایەتیی دڵسۆز و خەڵک خۆشەویستە، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی قەبووڵکراو بووە و هەیە. بۆیە دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ٥٨ ڕۆژەی ناوبراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە شیاو نازانین و داوای ئازادی و ڕێزگرتن لەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە دەکەین.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، ناوبراو دوکتورای فیزیۆلۆژی و خۆراکی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئەمریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە.