کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارلمانتاری حیزبی سوسیال- دێموکراتی سویس

11:30 - 20 خەرمانان 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بازڵ لە وڵاتی سویس، لەسەر بانگهێشتی مستەفا ئاتیچ، پارلمانتاری سویسی و بە ڕەچەڵەک کورد، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ حیزب و لایەنە کوردییەکانی وڵاتی سویس پێک هاتبوو، بەشدار بوو.

لەو کۆبوونەوەدا مستەفا ئاتیچ باسی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبری سویس کرد و تیشکی خستە سەر گرینگیی بەشداریی کوردانی تاراوگە لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ پشگیریی بەربژێرانی بە ڕەچەڵەک کورد و بەهێزکردنی لۆبیی کوردی و زیاتر دەنگدانەوەی پرسی کورد لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا.

ناوبراو هاوکاریی حیزب و لاییەنە کوردییەکان لە وڵاتی سویسی بە گرینگ زانی و سپاسی تایبەتی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کرد کە لەو کۆبوونەوەدا وەک تاکە حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون و پێوەندی حیزبی دێموکراتی لەگەڵ حیزبی سوسیال- دێموکراتی سویسی زۆر بە نرخ دانا.

هێژا مەنگوڕ، نوێنەری حیزب بۆ پێوەندییەکانی دەرەوە لە وڵاتی سویس، بە هاوکاریی عومەر عەبدوڵڵازادە کە بەشداری ئەو کۆبونەوە بوون، لە وتەیەکدا باسی لە بارودۆخی هەنووکەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و هیوای خواست کە حیزبی سوسیال- دێموکراتی سویس کە لەو وڵاتە لە دەسەڵاتدا بەشداریی هەیە، زیاتر گرینگی بە ڕووداوەکانی ئێران بدات و لە هەڵوێستە سیاسییەکانی دەوڵەتی سویس بە نیسبەت ئێران زیاتر ڕەوشی خراپی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران لەبەرچاو بگیرێت و لە پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران چاوخشاندنەوەیەک بکەنەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی کارا و ئەرێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کرا.