کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی ڕێکخراوی GFBVی ئاڵمانی كرد

10:23 - 9 رەزبەر 2723

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێكهاتوو لە بەڕێزان سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، لەعلا کەیخوسرەوی و سیاوەش محەممەدی هاوکارانی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، لەسەر بانگهێشتی "ڕێکخراوی بەرگری لە نەتەوە ژێرمەترسییەکان GFBV"، بە مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوایین گۆڕانکارییەکان، سەردانی بنکەی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیە لە شاری ''گووتینگێن''ی ئاڵمانیان کرد.

لەو دیدارەدا هەیئەتی حیزب بە خستنەبەرباسی دۆخی هەنووکەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی پاش شۆڕشی ژینا، ئاماژەیان بە هێرشەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب و کەمپی پەنابەرانی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور و کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە ماوەی ڕابردوو کرد.

هەروەها ئاماژەیان بە هەڕەشە و گوڕەشەی بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم بۆ هێرشی دووبارە بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەنابەرانی کورد لە باشووری کوردستان کرد.

لەم دانیشتنەدا هەردوو هەیئەتی حیزب و ڕێکخراوی GFBV لەسەر کۆمەڵێک خاڵی تایبەت بۆ کاری هاوبەش و گەیاندنی زیاتری دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بە ناوەندەکانی بڕیار و میدیا و ڕای گشتی لە وڵاتی ئاڵمان ڕێک کەوتن.

لەم دیدارەدا، کەماڵ سیدۆ و خاتوو تاییئا گیسەكە، بەرپرسانی بۆردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو ڕێکخراوەیە بە گەرمی پێشوازییان لە هەیئەتی حیزب كرد.