کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ١٢ ساڵدا ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران لەسێدارە دراون

10:29 - 19 رەزبەر 2723

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی ''کوردپا''، لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان، ئاماری لەسێدارەدرانی ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران، لە ماوەی ١٢ ساڵدا بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەم ئامارە، هەموو ئەم سزای لەسێدارەدانانە لەم ١٢ ساڵەدا، جیا لە ساڵەکانی ٢٠١٢ و ٢٠١٩، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کراون.
تەرمی ٢١ کەس لەم کەسانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە و شوێنی بەخاکسپاردنیشیان ناڕوونە و تەنیا شوێنی بەخاکسپاردنی ٧ کەسیان ڕوونە. 
٥ حاڵەتی لەسێدارەدانەکان بە شێوەی بە کۆمەڵ واتە گرووپی ٢ و ٣ کەسی بووە و هەروەها لەسێدارەدانی ئەحەد شەباب و ناسر عەزیزی دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش دەسبەسەرکران پێکەوە و بەشێوەی سەحرایی بەڕێوە چووە.
هەروەها حوکمی لەسێدارەدرانی هیدایەت عەبدوڵلاپوور بەشێوەی تیرباران لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ بەڕێوە چووە.
ڕێژەی لەسێدارەدرانەکان لە هەر کام لە زیندانەکاندا بەم شێوەیەوە بووە: ١٠ حاڵەت زیندانی ورمێ، ٣ حاڵەت زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، ٢ حاڵەت زیندانی سەقز، ٢ حاڵەت زیندانی میاندواو، ٢ حاڵەت زیندانی دێزڵاوای کرماشان، ٢ حاڵەت زیندانی سنە، یەک حاڵەت زیندانی تەورێز، یەک حاڵەت لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ، ٢ حاڵەت زیندانی سەحرایی، ٢ حاڵەت ناڕوون.