کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسی ئازاد ئەمینی

10:32 - 10 رەزبەر 2723

ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز سەبارەت بە دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئازاد ئەمینی، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەو ئەنجومەنە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئازاد ئەمینی لەلایەن هێزی ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ئیتلاعاتی شاری سەقز ڕاگوێزراوە.
بە وتەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان ئازاد ئەمینی ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕیژیم لە شاری سنە کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز ڕایانگەیاندووە، ئازاد ئەمینی ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن، یەک لەو دەگمەن چالاک و دڵسۆزانەی کۆمەڵگەیە کە بەشێک لە ژیانی خۆی بەگشتی بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و دوور لە توندوتیژی و بەتایبەت ڕازاندنەوەی ژینگەیەکی خاوێن و دوور لە سووتان و کاولکاری کە خۆی مەرجی ژیانێکی ئاسوودە بۆ مرۆڤ و هەموو گیانلەبەرانە، تەرخان کردووە.
لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز، لە دەزگای داد و شوێنە ئەمنییەکان داوایان کردووە کە  کۆتایی بە بەندکردنی ئازاد ئەمینی و هەموو ئەو کەسانەی کە لەسەر قسە و ڕاپۆڕتی بێ بنەما و بێ بەڵگە گیراون، بێنن و ڕێز لە مافی یاسایی و بنەڕەتیی تاک لە کۆمەڵگەدا بگرن.