هاووڵاتییەکی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی ڕەزا ڕەسایی و خەڵکی شاری سەحنەی سەر پارێزگای کرماشان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەسبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی''هەنگاو''، لە ماوەی ڕابردوودا ڕەزا ڕەسایی، لاوێکی ناڕازیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەحنە لەلایەن لقی ٢ی دادگای تاوانەکان لە پارێزگای کرماشان، بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو سزایە بەهۆی گوشارەکانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران و سەرەڕای نەبوونی شایەت و بەڵگە و بەڵگەنامەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە، بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە.
ڕەزا ڕەسایی لە ماوەی دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوەکانیدا لەلایەن ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و بە مەبەستی ئامادەکردنی دۆسیەیەکی دادوەری، دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە.
نادر بەیرامی، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی شاری سەحنە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەید خەلیل عەلینژاد، کوژرا.
هاوکات و پاش ماوەیەکی کەم لە کوژرانی ئەم بەرپرسە ئەمنییەتییە، ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە وەڵامی داخوازیی بنەماڵەی ڕەسایی بۆ سەردان و چاوپێکەوتنی کوڕەکەیان، پێیانی ڕاگەیاند کە ڕەزا ڕەسایی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی، ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان گواسترایەوە.
شایانی باسە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.