سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد، لە مرەخەسیی دەرمانی بێبەری کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد، سەرەڕای کێشەی جەرگ، سی، پرۆستات و زەختی خوێن، لە مرەخەسیی دەرمانی بێبەری کراوە.
هەروەها لە جەرگی سیاوەش حەیاتیدا گرێیەک دیار کەوتووە کە پێویستی بە نەشتەرگەریی خێرا هەیە کە سەرەڕای داواکارییەکانی خۆی و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی و ئەندامانی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، تاکوو ئێستا مرەخەسیی دەرمانیی پێ نەدراوە.
بەرپرسانی زیندانی ڕێژیم لە کرماشان، دادوەری دۆسییەکە و ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، داواکارییەکەی ناوبراویان بۆ وەرگرتنی مرەخەسیی دەرمانی ڕەت کردووەتەوە.
ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، سیاوەش حەیاتی پاش بانگکردنی بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری تاوانە کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاباد، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی دیزڵاوای کرماشان کرابوو.