کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسی کورد ئەگەری لەدەستدانی بینایی هەیە

10:33 - 23 رەزبەر 2723

ئەرسەلان خودکام بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کە تووشی نەخۆشیی چاو بووە، دوابەدوای بێبەریبوون لە چارەسەری پزیشکی، تووشی کێشەی بینین بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' چاوی چەپی ئەرسەلان خودکام تەمەن ٤٩ ساڵ، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، کە لە زیندانی ورمێدا ماوەی حوکمەکەی تێدەپەرینێت، دوابەدوای بێبەریبوون لە چارەسەری پزیشکی، تووشی کێشەی بینین بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوابەدوای ڕەتکردنەوەی بەردەوامی داواکاریی نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ورمێوە، چاوی چەپی ناوبراو تووشی کێشەی بینین بووە.

بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە مەبەستی ناردنی ئەم زیندانیە سیاسیە بۆ مورەخەسی، داوای بارمتەی قورسیان کردبوو و بنەماڵەکەشی توانایی دابینکردنیان نەبوو و لە ئێستادا چاوەکانی ئەرسەلان خودکام پێویستیان بە چارەسەریی خێرا هەیە و بەرپرسانی زیندان گوێ بەم بابەتە نادەن.

ساڵی ١٤٠٠، حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە بە پشتبەستن بە مادەی ٢٠ی کۆمیسیونی لێخۆشبوون، بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.مانگی خەزەڵوەری ٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی هێزی دادوەری، خوازیاری پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسیەکەی و بەڕێوەبردنی دادگاییەکی دادپەروەرانە و بە دوور لە دزە و گوشاری مەئموورانی حیفازەتی ئیتلاعات بووە.

ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ٩٧، بە تۆمەتی "سیخووڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، دواتر بۆ زیندان ڕاگوێزرابوو و ٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ، لەلایەن لقی ١ی دادسەرای نیزامیی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.