کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی چەندین کۆڵبەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

11:00 - 24 رەزبەر 2723

لە درێژەی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، چەندین کۆڵبەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی "کەماڵ ئەشتەری"، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کە "قاچی" بریندار بووە، سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی "سەلاحەدینی ئەیووبی"ی بانە و دواتر بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تەورێز ڕاگوێزراوە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی شاری جوانڕۆ بە ناوی "موحسێن وەلیۆڵڵاهی"، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری "نەوسوود" پشتی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان ڕاگوێزرا.

لەلایەکی دیکەوە، "ئەمیر کەریمی"، خەڵکی گوندی "گۆشخانی" سەر بە شاری "سەوڵاوا" لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری نەوسوود دەستی بریندار بووە.

شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "بێهرووز مورادی" دوای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری نەوسوود، بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی پاوە نەشتەرگەریی بۆ کراوە.