ژمارەیەک لە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێرانەوە کەوتنە بەر لێدان و بەو هۆیەوە چەند کۆڵبەر بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، ژمارەیەک کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکانی شاری "بانە" لەلایەن هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێرانەوە کەوتنە بەر لێدان و لە ئەنجامدا چەندین کەسیان بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە قۆنداغی چەکەکانیان بە توندی لەو کۆڵبەرانەیان داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی "گرووپی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران"، لە ساڵی ١٤٠١دا زیاتر لە ١٨٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرمابردوویی و هەڵدێران لە بەرزاییەکانەوە کوژراون و بریندار بوون.
هەروەها لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەو هۆکارانەی لە سەرەوە باس کراون کوژراون و ٧٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.