کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی کۆمەڵایەتی لەلایەن کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی "ئۆڤرە ڕۆمەریکە"

20:47 - 25 رەزبەر 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر، کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی ''ئۆڤرە ڕۆمەریکە'' سیمینارێکی زانیاری ـ کۆمەڵایەتیی لەسەر دوو تەوەری "ناڤ، وەک ناوەندێکی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی لە نۆروێژ" بۆ نیگار عینایەتی و هەروەها "لە نێوان بەرداشی ماڵ و کۆمەڵگەدا" بۆ عەبدوڵڵا حیجاب پێک هێنا. 
سیمینارەکە لەلایەن خاتوو تەوار ئەحمەدی، بەرپرسی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە "ئۆڤرە ڕۆمەریکە" بە ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ كرد و باسێکی کورتی لەسەر پێکهێنانی ئەم جۆرە سیمینارانە بۆ ئەندامان و بەشدارانی سیمینارەکە پێشکەش کرد. 
لە پانێلی یەکەمدا نیگار عینایەتی، پسپۆڕی کاری لە ئیدارەی ناڤ، باسێکی بە پێزی لەسەر سیستمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە نۆروێژ پێشکەش کرد. 
پانێلی دووەمی سیمینارەکە بە بەڕێوەبەریی قومری محەممەدی، تایبەت بوو بە "لەنێوان بەرداشی ماڵ و کۆمەڵگەدا" کە لەلایەن عەبدوڵڵا حیجاب، چالاکی سیاسییەوە پێشکەش کرا. 
ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە خۆگونجاندن، توانەوە یان تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەدا هێنا بەرباس و بۆ هەر کام لەم چەمکانە ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی پێویستی دا. 
عەبدوڵڵا حیجاب لە درێژەی باسەکەیدا باسی لەوە کرد: "باشترین و گونجاوترین ڕێگا بۆ جیلی نوێی ئێمەی کوردستانی لە وڵاتانی بیانی ئەوەیە کە بتوانین لەسەر منداڵەکانمان بۆ پاراستنی باشترین خاڵەکانی فەرهەنگ و کولتووری کوردەواری شوێندانەر بین."
لە بەشیکی دیکەدا لەلایەن مریەم عەلیپوور، چەندین بڕگەی کێبڕکێ بۆ گەورەساڵان، مێرمنداڵان و منداڵان بەڕێوە چوو کە براوەی یەکەمی هەر بڕگەیەک لەلایەن کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی "ئۆڤرە ڕۆمەریک"ەوە خەڵات کران. 
سیمینارەکە بە چەند کۆپلە شێعر لەلایەن هەرمان موفتی، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حاجی قادری کۆیی، شاعیر و بیرمەندی کورد، هەروەها چەند گۆرانی بە دەنگی خاتوو مەدینە، کۆتایی پێ هات.