کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوت هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز و سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:25 - 26 رەزبەر 2723

٧ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارەکانی سنە و سەقز کە لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی "سەفا عائلی، ئازاد ئەمینی، سەمیرا ئەحمەدی، هیوا تاتایی، ئومێد موقەدەس و هیوا جیهانی" کە لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتەکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

هاوکات ئەرسەلان دیوارگەر، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی قورس بەبڕی ٥٠٠ میلیۆن تمەن، بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا، هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.