کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای ساڵێک بەندکردن بەسەر ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی

10:50 - 26 رەزبەر 2723

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری ناسراو کە پارێزەر و بەرگریکاری دۆسییەکەی ژینا ئەمینی بوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ساڵح نیکبەخت، پارێزەر و یاساناس، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە و چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە، هەروەها سزای قەدەغەبوونی ماوەی دوو ساڵ چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەسەریدا سەپێندراوە.

ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بەفەرمی بە عەلی ڕەزایی، پارێزەری بەرگریکاری ساڵح نیکبەخت ڕاگەیەندراوە. دانیشتن بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ناوبراو، لە ٧ی خەرمانان و ١٠ی ڕەزبەر هەر لەو دادگایەدا بەڕێوە چوو.

ساڵح نیکبەخت، تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی داواکاریی گشتیی ئێڤین بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کرا.

ئەو هاووڵاتییە، پارێزەری پایە یەکی دادگوستەرییە و ئەرک و بەرپرسیارێتیی بەرگریکردن لە دۆسیەی ژینا ئەمینی و هەروەها زۆربەی بەندکراوان و تۆمەتبارکراوانی سیاسی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، لە ئەستۆ گرتووە.