کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێک لە مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران

10:31 - 27 رەزبەر 2723

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی فەرید وەتەنی‌ڕەسووڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک سنووری گوندی "دەرەوەران"ی سەر بەو شارە، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو'' شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، فەرید وەتەنی‌ڕەسووڵ، تەمەن ٣٤ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی "سەردۆشییەکان"ی شاری مەریوان، لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەست دا.
ئەو کۆڵبەرە لاوە کە باوکی سێ منداڵ بووە، لە نزیک گوندی "دەرەوەران"ی نزیک بە سنووری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، چەند گوللـەی شەڕی لێی کەوتووە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە، تەنانەت لە کاتی ئەسپەردەکردنیشدا شوێنی برینەکانی خوێنی لێ چۆڕاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی، لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرمابردوویی و هەڵدێران لە بەرزاییەکانەوە کوژراون و ٧٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.