کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ساڵح نیکبەخت

10:42 - 29 رەزبەر 2723

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە سەپاندنی ساڵێک زیندان بەسەر ساڵح نیکبەخت، مافناس و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەن، ڕێگە نەدەن لە سێبەری شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەنێو ببات.

لە بەشگەلێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، ساڵح نیکبەخت، مافناس و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لەلایەن یەکەی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامی" یەکساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ قەدەغەکردنی "چالاکی لە کەشی مەجازی"ی بەسەردا سەپاوە.

ئەمە توندترین سزایە لە جۆری خۆیدا کە دەزگای "داد"ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی دادوەرێک دەردەکات و بەوە لە ڕاستیدا ساڵح نیکبەخت ناتوانێت چیدیکە هاوکاریی کەسانێک بکات کە پێویستیان بە پارێزەرێکی دەروەست و بوێر هەبێت.

ساڵح نیکبەخت لە ماوەی کاری پارێزەریی خۆیدا پشتیوانی دۆسییەکانی پێوەندیدار بە دۆخی کۆڵبەران و کوژراوانی کۆڵبەری بووە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە، ڕەخنەگری بڵاوکردنەوەی "ئێعترافە ئیجبارییەکان" بووە، لە کەمپەینی دژی بۆردومانی ڕۆژاوا لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە بەشداریی کردووە و...

دادگای کۆماری ئیسلامی ئەو چالاکییانەی نیکبەختی بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" لەقەڵەم داوە و بەو پێیە حوکمی یەکساڵ زیندانی بەسەریدا سەپاندووە.

زیندانی کردنی کەسێک بە تاوانی بەرگری لە مافە یاسایی و مرۆڤییەکانی قوربانییانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستیدا زیندانیکردنی دادپەروەری و مافی بەرگری لە وڵاتێکی وەکوو ئێرانە.

ئێمە بانگەشەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دەوڵەتانی جیهان دەکەین، لە هەموو کاناڵەکانی مومکین کەڵک وەربگرن بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە نادادپەروەرانەیە لەسەر بەرگریکارێکی مافی مرۆڤ.