کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زایەڵەی خەڵاتی نۆبڵ و ساخارۆف

18:53 - 30 رەزبەر 2723

دارسمە

کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر دروشمی "ئیقتێداری میللی"دا هەموو هەوڵی خۆی بۆ ئەوە کۆ کردووەتەوە بەردەوام بێت و گوێ بە هاتوهوتی دوژمنانی ئەم ئینقلابه عەزیمە نەدات.
کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا درێژە بە ژیانی سەربەڕزیوانەی خۆی دەدات، بەتوندی لەژێر گەمارۆی دوژمنانی‌دایە. دوژمنانی تەقە و ڕەقە و لێدە و ڕاکە و لایەنگرانی هەژارۆکان، هەرچی لەدەستیان بێت دژی ئەم ئینقلابە دەیکەن.
ئەم ئینقلابە بە هەونتە لەسەر پێی خۆی ڕانەوەستاوە. ئینقلاب خاوەنی دوژمنانی دوور و نزیک و کۆن و نوێیە. دوژمنی هەرەکۆنیشی گورگێک بوو و خۆی خستبووە پێستی مەڕەوە. پێتان سەیر نەبێت، ئیمام خومەینی دوژمنی سەرەکیی پێشکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی بوو. ڕەنگە هەر پیاوی سەهیۆنیسم و ئەمریکای جینایەتکاریش بووبێت. بەئاشکرا پێیەوە دیاربوو لە سەروە دەگەڵ ئینقلاب و لە بنەوە دەگەڵ ئەوانە.
ئەو لەکاتێکدا وەک کارێکی باش فەرمانی جیهادی دژی "ضد انقلاب"ی کوردستان دەرکرد، قسەی خراپیشی دەکرد و ئەم کابرایە بە ئەم قسانەوە گومانی لێوە دەکرا یان خڵەفابێت و یان لە ژێرەوە پیاوی "مووساد"ی ئیسڕائیل و "سی‌ئای‌ئەی"ی ئەمریکا و "ئێم ئای ٦"ی بریتانیا بووبێت. ئەگەر پیاوی هەرسێکیشیان نەبووبێت، سەر بە یەکێکیان بووە. بەڵام بە ئاکاری ڕە‌هبەری موعەززەمی ئێستای ئینقلابەوە دیارە خومەینی وەک ئەمەیان زۆر کەیفی بە "کا.گێ.بێ"ی ڕووسیە نەهاتووە.
خومەینی ئەگەر پیاوی زایۆنیسم و ئەمریکا نەبوایە، چۆن باسی هەڵبژاردنی دەکرد؟ چۆن دەیگوت "وەک ئێمە دەستەڵاتی پاشایەتیمان نەویست، ڕەنگە لە داهاتوودا خەڵک دژی ئێمە بن و دەنگمان پێ نەدەن." ئەم قسەیە ئەگەر قسەی زیددی ئینقلاب نەبێت، قسەی کێێە؟ بۆ کەسێکی وەک ئیمام خومەینی ئەگەر سەر بە پیلانگێڕانی دەرەوە نەبووبێت، هەر شەرم و شوورەیی بوو باسی هەڵبژاردن بکات.
ئەگەر ئەم هەڵبژاردن و مەڵبژاردن و دەنگدان و مەنگ‌دانە لە دونیادا باو نەبوایە، کوا لێرە لەژێر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا عافرەت دەنگی لێوە دەهات؟ کوا عافرەت دەیتوانی تەشک و دامێنان کۆ کاتەوە و لەچکە فڕێ بدات و قژی بە بادا بکات. بەوەندەش نەوەستێت و دژی ئیقلابی ئیسلامی دروشم بدات؟ وشەی عافرەت پڕ بە پێستی ئەوانەیە و ئەگەر بکرێت وشەی "ژن" لە کتێب و متێبانیشدا ڕەش بکرێتەوە باشە. ئەم ناوی "ژن"ـە شتێکی زۆر قێزەونە و لک و پۆپی خراپیشی لێ دەبێتەوە. بۆ ئەوەی عافرەتی وڵاتی ئێمە وەک عافرەتانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە بەرهەڵڵایی بژیێت، حەزی لە ناوی ژنە و هەر بەو ناوەش ناوستێت و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی بۆ ساز دەکات. بەڵام تۆ بڵێ "ئافرەت، تەوەززەلی، بەرهەڵڵایی".
پارێزەرانی ئینقلاب لەم ساڵانەی دواییدا جگە لە سەدان ماڵپەڕی ئینترنێتی و ڕادیۆ و ڕۆژنامەی کاغەزی، هەفتا و یەک کەناڵی تەلەفزیۆنی ماهوارەییان داناوە. ئەم ژنەتیوانەش لەنێو ئەم هەموو دەزگاجوانەی ڕاگەیاندن، خەریکن بە دووزەلەی بی.‌بی.سی و ئیران ئینترناشناڵ و کوردکاناڵ هەڵدەپەڕن. بۆیە گوتم "ژنەتیو" چەندی کردم و کراندم "عافرەتە‌تیوم" بە سەر زمانیدا نەهات.
لە نێو ئەم حەفتا و یەک کاناڵە تەلەفزیۆنییە و ئەم سەدان ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەی خۆماندا بەهیچ شێوەیەک باسی خەڵاتی نۆبڵ و مۆبڵ و ساخارۆف و ماخارۆفی ئەم ساڵ نەکراوە. دیسان ئەم خەڵکە دواکەوتووە لە میدیای بێگانە و ئەجانبەوە گوێ دەدەنە ئەم جۆرە هەواڵانە.
لەولاوە، ئەوەی دوژمنانی ئێمە دەیکەن، بەتوندی ئینقلابی خستووەتەوە مەترسییەوە. خەریکن لە نێو خەڵکیش گومان دروست دەکەن. ئەوانە ئەمساڵ خەڵاتی بەناو ئاشتیی نۆبێلیان دایە ئەو "ئافرەتەتیوە"، ئەو نێرگسەی لە زیندانە، وایانزانی بە پێدانی ئەم خەڵاتە لە زیندان ئازاد دەکرێت و دەچێتە دەرەوە و وەک ئەو  کچەتیۆکە و مچەتیۆکانەی لێرەو چوونەتە دەرەوەن، دەبێتە مەیدانداری پاڵەوانەتی. دیتیان نەخشەکەیان پووچەڵ کرایەوە، گەڕانەوە سەر ئەو کچە سەقزییەی ساڵی ڕابردوو بەدەست پارێزەرانی ئینقلابی ئیسلامی بە شێوازێکی هەڵە کورژا. هەڵەکە لە شێوازی کوشتنەکە‌دا بوو نەک لە خودی کوشتنەکە. هەتا ئێستا هەزاران کەس بە شێوازی جۆراوجۆر بەدەست پارێزەرانی ئێنقلابەوە لە نێو براون و خەڵکیش دەنگی لێوە نەهاتووە. ئەم شێوازی کوشتنە بۆیە هەڵە بوو، خەڵکی ئێران لە نزیکەی نەود لەسەدیان زیددی ئینقلابن، دەلینگیان بۆ شێلانی ئینقلاب هەڵکرد.
ئەوەتا، لەنێو ئەم هەفتا و یەک تەلەفزیۆنە ماهوارەییە و ئەم هەموو ڕۆژنامە و مۆژنامە و ڕادیۆ مادیۆیەی خۆماندا هەر باسی ئەم دووانە ناکرێت. تەنانەت ئەوەندی بۆیان بکرێت، باسی خەڵاتی نۆبێلی پزیشکی و کیمیا و ئەدەبیاتیش ناکەن. بەڵام  چی به خەڵکی نەزان دەڵێی؟ ئەوندە نەزانن لەسەر ئەم هەموو ئامێرە ڕاگەیاندنەی خۆمانەوە دەچن ماڵپەڕێکی وەک کوردستان میدیا دەکەنەوە و سەیری تەلەفزیۆنێکی وەک کورد کاناڵ دەکەن. شوکر ئەوانە ڕۆژانە بەرنامەی هەراوی چەندین سەعاتە بە زمانی فارسی بڵاو ناکەنەوە، دەنا وەک جاری گۆرین خەڵکیان دژی کوشتنی کچە سەقزییەکە هان‌ دا،  ئێستاش دونیایان لەم ئینقلابە لەمە زیاتریش دەکردە چەرمی چۆلەکە.