کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە ماوەی یەک مانگدا ٤٦٣ هاووڵاتی لە ئێران دەسبەسەر کراون

10:15 - 11 رەزبەر 2723

٤٦٣ هاووڵاتی لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٤٦٣ هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئاگۆست، ١٩٩ حاڵەت واتە بە ڕێژەی ٧٥ لەسەد زیادی کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ٢٠٣ هاووڵاتیی کورد، ١٢٢ هاووڵاتیی بەلووچ و هەروەها ٥١ ژن، ٥٠ منداڵ و ٨ هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە ماوەی مانگی سێپتەمبەردا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو، کورد و بەلووچ بوون.
لە مانگی سێپتەمبەردا لانیکەم ٢٠٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون، ئەم ئامارە بە ڕێژەی ٤٤ لەسەدی هەموو هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سەرانسەری ئێران.
هەروەها لە مانگی سێپتەمبەردا لانیکەم ١٢٢ هاووڵاتیی بەلووچ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون کە دەکاتە ڕێژەی ٢٦ لەسەدی هەموو دەسبەسەرکراوان. 
لەلایەکی ترەوە لانیکەم ٣٢ هاووڵاتیی لوڕ و بەختیاری بە ڕێژەی ٧ لەسەد و ٢٠ هاووڵاتیی تورک بە ڕێژەی ٤.٣ لەسەد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

دەسبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان لە مانگی سێپتەمبەردا وەکوو مانگەکانی ڕابردوو لەلایەن ناوەندەکانی حکوومەتەوە بەردەوام بووە و لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٧ چالاکی ئایینی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٨ کەس لە چالاکانی ئایینی کە دەسبەسەر کراون لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی بوون کە ٤ کەسیان ژن و ٤ کەسی دیکەیان پیاو بوون. هەروەها لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٨ چالاکی سوننە لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، فارس و سیستان و بەلوچستان و هەروەها هاووڵاتییەکی ئەرمەنی دەسبەسەر کراون.