کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگری: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ٦٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون

10:31 - 1 خەزەڵوەر 2723

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ئاماری، ڕایگەیاند کە لە ماوەی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، ٦٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ٦٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتگەلی "دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە، بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاویدا، ١٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لێپێچینەوەیان لێ کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و پێبژاردن و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزادراوانە لەسەریەک بە ٣٤ ساڵ و ١ مانگ و ٤ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ١٦٠ زەربە قامچی  و زیاتر لە ١٤٧ میلیون تمەن پێبژاردن سزا دراون.

جێگای ئاماژەیە کە ڕەزا ڕەسایی لە دەسبەسەرکراوانی شوڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بە تۆمەتی کۆشتنی یەکێک لە ئەندامانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.