دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی ٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٣، کۆنفڕانسێک به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی یه‌ک ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی ژینا له شاره‌وانیی ژماره ١٠ی پاریس به‌ڕێوه چوو.
ئه‌و کۆنفڕانسه که له‌لایه‌ن ئه‌نستیتۆی کورد له پاریس بانگهێشتنی بۆ کرابوو، له‌ژێر ناوی "دۆخی ژنان و مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران و کوردستان؛ ساڵێک پاش ده‌سپێكی بزوتنه‌وه‌ی ژن، ژیان، ئازادی" ڕێک خرابوو.
له سه‌ره‌تای کۆنفڕانسه‌که‌دا "ڕێمی فێرۆ"، سه‌ناتۆری پاریس کۆنفڕانسه‌که‌ی کرده‌وه و وێڕای ئاماژەدان به هه‌نگاوه‌کانی گه‌لی فه‌ڕانسه و شاره‌وانیی پاریس بۆ پشتگیری لە شۆڕشی ژینا، ڕه‌خنه‌ی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێستای ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی له به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی گرت و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پشتیوانیی زیاتر و به‌كرده‌وه‌ی ئازادیخوازانی ئێران له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه کرد.
پاشان خاتوو "مێلیس کایا"، به‌رپرسی پرۆگرامی مافی مرۆڤی ئه‌نستیتۆی کورد له پاریس، وێڕای به‌خێرهێنانی به‌شداران و ڕوونکردنه‌وه‌ی بابه‌ت و ئامانجی کۆنفڕانسه‌که، بەکورتی هه‌رکام له کۆڕگێڕه‌کانی ناساند.
دواتر پانێله‌که ده‌ستی پێ کرد که له‌لایه‌ن پڕۆفیسۆر حه‌مید بۆزئه‌رسه‌لان، به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه له ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رزی زانسته کۆمهڵایهتییهكانی پاریس به‌ڕێوه دەچوو.
به‌شدارانی پانێله‌که بریتی بوون له خاتوو "ئیرێن ئه‌نساری"، هاوئاهەنگکاری به‌ره‌ی ژنانی ئێران بۆ دێموکراسی، دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌نزاده، مامۆستا له زانکۆی وێبسته‌ری ئه‌مریکی، دوکتور ماری لادیه فوولادی، به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه له ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانسته کۆمهڵایهتییهكانی پاریس و دوکتور ئازاده تیرێز- ئه‌رژه‌نگی، مامۆستا له قوتابخانه‌ی زانستی سیاسیی ڕێن له فه‌ڕانسه.
به‌شی کۆتایی کۆنفڕانسه‌که بۆ گفتگۆ و وڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری ئاماده‌بووان له‌لایه‌ن به‌شدارانی پانێله‌که‌وه ته‌رخان کرابوو.
هەروەها ژماره‌یه‌کی به‌رچاو که‌سایه‌تیی کورد و ئێرانی و فه‌ڕانسه‌یی و هه‌روه‌ها هه‌یئه‌تێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به سه‌رپه‌رستیی کاک حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب، له‌و کۆنفڕانسه‌دا به‌شدار بوون.
شایانە باسە کە وته‌كانی دوکتور ئاسۆ حه‌سه‌نزاده له به‌رنامه‌کانی ڕۆژانی داهاتووی "کوردکاناڵ"دا بڵاو ده‌بێته‌وه.