کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی زیندانی موژگان کاوسی لە دیوانی باڵای ڕێژیم ئێران پشتڕاست کرایەوە

10:04 - 3 خەزەڵوەر 2723

حوکمی زیندانی موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و چالاکی بواری زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، لە لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێراندا پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١، موژگان کاوسی پاش تێپەڕاندنی ١٠٤ ڕۆژ دەسبەسەریی کاتی و بێتاوان ناساندنی لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندانی قائیم‌شار ئازاد کرا.

موژگان کاوسی بەپێی دادنامەی لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ساری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری ڕێژیم" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بێتاوان ناسرابوو.

بەپێی یاسای زۆرترین سزا، ٣٩ مانگ زیندان بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پیشوو بۆ ئەم نووسەرە کوردە دەبێ جێبەجێ بکرێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موژگان کاوسی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساری، بە ئامادەبوونی عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەرانی دۆسییەکەی بەڕێوە چوو و ناوبراو وێڕای تۆمەتەکانی پێشوو، بە "افساد فی الارض"یش تۆمەتبار کرا.

موژگان کاوسی لە دادسەرای نۆشەهردا بە "بێڕێزی بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کرابوو کە لە قۆناغی دادسەرادا لەگەڵ هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دژایەتی کرابوو.