کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواخستنی دووبارەی دادگای سامان یاسین و ڕێگری لە دەرمانکردنی ناوبراو

10:04 - 3 خەزەڵوەر 2723

کۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی سامان یاسین، هونەرمەندی دەسبەسەرکراوی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، بۆ جاری سێیەم دوا خرا. ئەم هونەرمەندە دوای ئەوەی یەک ساڵ و ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەر بووە و ئەشکەنجە کراوە، باری تەندروستیی ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی سامان یاسین کە دەبوو لە لقی ٢٨ی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران لەلایەن دادوەر عەموزادە بەڕێوە بچێت، بە هۆکاری نادیار هەڵوەشێندرایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش، ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕ، بەڕێوەچوونی دادگای سامان یاسین هەڵوەشێندرابووەوە.

سامان یاسینی ڕایگەیاند کە ڕەتکردنەوەی چەند جارەی دادگای ناوبراو و هەروەها سەرپێچی لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، کارێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانجی ئەوە دەکرێت کە "جەستە و دەروونی تێک بدەن".

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سامان یاسین، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە نەخۆشیی میزی خوێناوی تووش بووە و سەرەڕای ئەوەیکە وڵامی کۆمیسیۆنی پزیشکیی ناوبراو نەنێردراوەتەوە، ڕێگریش لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە دەکرێت.

ئەم هونەرمەندە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، بە تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بە لەسێدارەدران سزا درا. ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و دۆسیەکەی ناوبراو بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بۆ لقی هاوتەریبی خۆی نێردراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەڕ و ئاوازدانەری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج گواسترایەوە.