کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاوید ڕەحمان: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جێی حاشاکردن لە ڕاستییەکان، ڕاسپاردەکانی من قەبووڵ بکات

10:05 - 3 خەزەڵوەر 2723

جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاوەدێریکردن بەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە کۆڕی گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە دا و وتی: ئەم ڕاپۆرتە پیشاندەری "ڕاستیی تاڵ"ی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.

ناوبراو لە دانیشتنی کۆمیتەی سێیەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: سێزدە مانگ لە کوشتنی ژینا ئەمینی لە گرتنگەی گەشتی ئیرشاد تێپەڕیوە و ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە لە لێکۆڵینەوەی ڕوون، بێ لایەنانە و سەربەخۆ سەرکەوتوو نەبووە و بەردەوام هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لەلایەن خۆیەوە ڕەت دەکاتەوە.

جاوید ڕەحمان زیادیشی کرد، کەموکوڕییە بەرچاوەکان لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو توانایی شارۆمەندانی ئێرانی بۆ کەڵکوەرگرتن لە مافی بەشداریی دێموکراتیکیان لە بوارە سیاسی و گشتییەکان، بەرتەسک کردووەتەوە.

ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە "پرسە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و دۆخی خراپی کەسانێک کە لە بەشداریی مەدەنیی خۆیان کەڵک وەردەگرن"، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.